مهاباد: دەستبەسەرکرانی ١١ شارۆمەندی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە 

هانا: لە رۆژانی ١٨ و ٢١ی خرمانانی ١٤٠٠ – (٩ و ١٢ی سپتەمبری ٢٠٢١) یازدە شارۆمەندی کورد لە مهاباد و ناوچەکە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون. 

 

رۆژی یەکشەممە ٢١ی خرمانانی ١٤٠٠- (١٢ی سپتەمبری ٢٠٢١)، سێ شارۆمەندی کورد بەم ناوانەی خوارەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران. 

١ شاهۆ ئەحمەدی
٢ زاهیر روزخوون
٣ حسێن دوودکانلوو میلان 

بەگوێرەی راپۆرتێک کە بۆ هانا هاتووە، ئەم شارۆمەندە کوردانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە بێ هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی لە ئاوایی "کۆسە کەرێز"ی ناوچەی بانە دەستبەسەر کراون. 
 
شایانی باسە سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم شارۆمەندانە هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووس و هۆکاری دەستبەسەر کردنیان دەستنەکەوتووە. هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەم ٣ شارۆمەندە بۆ رێکخراوی مافی مرڤی هاناش هەر ناڕوونە. 

هەروەها رۆژی پێنجشەممە ١٨ی خرمانانی ١٤٠٠ – (٩ی سپتەمبری ٢٠٢١)، هەشت شارۆمەندی دیکە بەم ناوانەی خوارە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی مهابادەوە بە هۆکاری نادیار دەستبەسەر کراون و شوێنی دەستبەسەر کرانیان تا ئێستا ناڕوونە. 

١ ئاکام سەرکانی 
٢ محەممەد سیاقۆڵ 
٣ مەحموود یاڵاچاکی
٤ موختار نەبی 
٥ رەحمان دان زی 
٦ شۆڕش کورانی
٧ جەلال گامێشانی 
٨ فەرهاد رەحیم مەلا 

مافی بەهرەمەند بوونی تۆمەت لێدراو و دەسبەسەرکراوان بۆ هەبوونی پارێزەر و وەکیل، دەستڕاگەیشتن بە دادگایەکی ئاشکرای بێ لایەن و دادپەروەر لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و هەر زیندانی و دەسبەسەرکراوێکە کەچی هەر وەک لەم راپۆرتەدا دەردەکەوێ هیچ کەس بە شوێن و هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم ١١ شارۆمەندە نازانێ و بی بەڵگەی یاسایی و بڕیاری دادوەر دەسبەسەر کراون و لە مافی بوونی پارێزەریش بێ بەشن. 

جێگای خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بە بەندەکانی ٣، ١٩، ٢٠ و ٢٢ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بکەین کە حکومەتی ئیسلامی ئێرانیش واژۆی کردووە بەڵام هەموو رۆژێ مافی شارۆمەندانی کورد لە شار و گوندەکانی کوردستان لەلایەن هێزە چەکدار و ئەمنییەکان و دامودەزگای قەزایی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە پێشێل دەکرێ. 

بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە. 
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا. 
بەندی ٢٠- هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئەنجومەن و کۆڕ ۆ کۆبوونەوە و رێکخراو و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانە پێکبێنێ. 
بەندی ٢٢- هەر کەسێک وەک ئەندامێکی کۆمەڵگا مافی ئەمنییەتی کۆمەڵایەتی هەیە و بۆی هەیە لە رێگای هاوکارییە نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکانەوە، ئەو مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییانەی بۆ پاراستنی ئابڕوو و کەڕامەت و گەشە کردنی ئازادیی کەسایەتی خۆی پێویستنی، بە سەرنجدان و لەبەرچاوگرتنی رێکخراوە و سەرچاوەکانی وڵات وەدەستیان بێنێ. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular