هانا: لە رۆژانی رابردوودا دوو شارۆمەندی کورد لە مهاباد لەلایەن هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە بە بێ بەڵگەی یاسایی دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئەم راپۆرتە، رۆژی سێشەممە ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠٠ – (٧ی دیسەمبری ٢٠٢١)، شارۆمەندێک بە ناوی "لوقمان مەولانی" تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "بەیتاس" لە ناوچەی "خەلیفان"ی مهاباد لەلایەن هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی حکومەتەوە بە بێ بڕیار و بەڵگەی یاسایی دەستبەسەر کراوە.
شایانی باسە ئەم شارۆمەندە رۆژی پێنجشەممە ١٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ – (٩ی دیسەمبری ٢٠٢١)، بە مەبەستی لێپیچینەوە رەوانەی گرتووخانەیەکی هێزە ئەمنییەکان لە "ورمێ" کراوە.
هەروەها بەپێی ئەم راپۆرتە، رۆژی یەکشەممە ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٠ – (٥ی دیسەمبری ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی تر بە ناوی "خەمان ئەحمەدی" تەمەن ٣٨ ساڵ بە بێ بەڵگە و بڕیاری یاسایی لەلایەن هێزە چەکدار و ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.