هانا: بە پێی ئەو هەواڵانەی بڵاوبوونەوە، ماوەی دەسبەسەرکرانی ٢ شارۆمەندی کوردی خەڵکی مهاباد بۆ چوارەمین جار درێژ کرایەوە.
"ساکار عەینی" و "فەرزاد سامانی" ناسنامەی ئەم دوو شارۆمەندە کوردەیە کە پتر لە ٩٠ رۆژە دەسبەسەر کراون.
فەرزاد سامانی خوێندکاری کوردی زانستگای خارەزمی کەرەج، رۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٣٩٩، لە ئەنجامی هێرشێکی هێزە ئەمنییەکان بۆ شوێنی خەوی خوێندکارانی زانستگای کەرەج دەسبەسەر کراوە.
هەروەها ساکار عەینی، شارۆمەندی کورد خەڵکی مهاباد رۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٣٩٩، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەسبەسەر کراوە.
ئەم شارۆمەندانە دوای ماوەیەک لە قۆڵبەستکرانیان بۆ لێپرسینەوە و راگەیاندنی تۆمەتەکەیان رەوانەی گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوون.
شایانی باسە گرتن و دەسبەسەرکردنی ئەم شارۆمەندانە سەرەرۆیانە بووە و تۆمەتی هاوکاری یەکێک لە حزبە کوردییەکانیان دراوەتە پاڵی.
دەسبەسەر کردنی سەرەڕۆیانە و نەبوونی ئازادی ئەندامەتی لە حزب و رێکخراوە سیاسییەکاندا پێشێل کردنی سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤە، بەڵام لە ئێران بە پێی یاسا و لەلایەن حکومەتەوە بەڕێوەدەچێ.