مانگرتنی دوو بەندکراوی سیاسی لە خواردن 

هانا: رۆژی یەکشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (١٣ی ژوئەنی ٢٠٢١)، دوو بەندکراوی سیاسی کورد بە ناوەکانی “شاکر بێهرووزی” و “کیان موکەڕەم” بۆ ناڕەزایەتی بە بڕیاری دادگا، مانیان لە خواردن گرت. 

"شاکر بێهڕووزی" خەڵکی ورمێ و بە تۆمەتی "ئەندامەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران" و "کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران"، سزای ٢ جار ئێعدامی لە لایەن دادگای شۆڕشەوە بە سەردا سەپاوە. 
ناوبراو لە کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییەکەی نامەی ١٤ کەسی بۆ شاهیدی پێشکەش بە دادگا کرد کە لە کاتی کوشتنی ئەو ئەندامەی سپای پاسداران لەوێ نەبووە، بەڵام دادگا بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەم بەڵگانە لە بانگ کردنی شاهیدەکان خۆی پاراستووە. ناوبراو رایگەیاندووە بۆ ناڕەزایەتی بە لەبەرچاونەگرتنی شاهیدەکان و لێنەکۆڵینەوە لەو بەڵگانەی پێشکەشی دادگای کردوون و سەپاندنی سزای نادادپەروەرانەی ئێعدام مانی لە خواردن گرتووە. 
"کەیوان موکەڕەم"یش پیشتر بە تۆمەتی "تێکدانی ئەمنییەتی میللی" و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حزبەکانی کوردستان سزای پێنج ساڵ بەندکردنی بۆ بڕابۆوە و لە بەندیخانە بۆ ناڕەزایەتی بە لەبەرچاونەگرتنی پرۆژەی "دوو فەورییەتی" بۆ پێداچوونەوە بە سزاکەی و داشکاندنی، دەستی داوەتە مانگرتن. 

ئازادی دەربڕینی بیروباوەڕ یا ئەندامەتی و لایەنگری لە حزب و رێکخراوی سیاسی و مەدەنی لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە لە کۆمەڵگای ئازاد و دێموکڕاتدا و هەروەها جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ ئەم مافە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا وەک مافێکی سروشتی و بێ ئەملاولا چاولێدەکا و لە بەندەکانی خۆیدا گونجاندوویەتی. شایانی باسە وڵاتی ئێرانیش یەکێک لەو وڵاتانەیە واژۆی کردووە و هەرچەندە لەم جاڕنامەیەدا رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە ئەرکی سەر شانی حکومەتی وڵاتەکانی دادەنێ رێز لە بەندەکانی ئەم جاڕنامەیە بگرن و بۆ ڕەچاو کردنی ئەم بەندانە بە بەرپرسیان دەزانێ، بەڵام حکومەتی ئێران بایەخی پێ نادا و هەموو رۆژێ و بەردەوام بە پانایی وڵاتی ئێران مافی شارۆمەندانی ئەم وڵاتە و خەڵکی کوردستان پێشێل دەکا. 
بەندەکانی ٩، ١٩ و ٢٠ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە ئازادی و مافە دێموکراتیکەکانی تاک لە کۆمەڵگادا بەم جۆرەیە کە لە خوارەوە دێت: 

بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ. 
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا. 
بەندی ٢٠- هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئەنجومەن و کۆڕ ۆ کۆبوونەوە و رێکخراو و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانە پێکبێنێ. 

هەروەها مافی بەهرەمەند بوونی تۆمەت لێدراو و دەسبەسەرکراوان بۆ هەبوونی پارێزەر و وەکیل، لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و هەر زیندانی و دەسبەسەرکراوێکە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular