هانا: ئەمڕۆ دووشەممە ٩ی جۆزەردانی ١٤٠١-(٣٠ی مەی ٢٠٢٢)، #ئەسکەندەر_لوتفی لە پێوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی رایگەیاندووە بۆ ناڕەزایەتی بە دەستبەسەرکرانی نایاسایی و درێژبوونەوەی ماوەی بەندکرانەکەی و هەروەها بۆ ناڕەزایەتی بەوەی لەلایەن بەرپرس و مەئموورانی ئەمنی بەندیخانەوە بۆ دانپێدانان و وەرگرتنی ئێعترافی زۆرەملی کەوتووەتە ژێر گوشار، مانی لە خواردن گرتووە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، لە کاتێکدا "ئەسکەندەر لوتفی" ویستوویەتی شتێکی گرنگی دیکە باس بکات، پێوەندییەکەیان لێ بڕیوە.
بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، بەندکرانی ئەسکەندەر لوتفی و مامۆستایانی تر لەلایەن ناوەندە ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. لە خوارەوە بەندەکانی ٩، ١٠، ١٩ و ٢٠ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ وەک خۆی دێنین:
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٠ هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە لەوپەڕی بەرابەریدا لەگەڵ کەسانی دیکەدا لە دادگایەکی سەربەخۆ، بێ لایەن، دادپەروەر و ئاشکرادا بە کیشە و سکاڵاکەی رابگەن و دەبێ دادگایەکی لەم جۆرە لە بارەی ماف و پێویستییەکانی ئەو یا هەر تاوانێک کە دراوەتە پاڵی یان پێی تاوانبارە، بڕیار بدا.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.
بەندی ٢٠- هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئەنجومەن و کۆڕ ۆ کۆبوونەوە و رێکخراو و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانە پێکبێنێ.
