هانا: رۆژی یەکشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠١ – (١٧ی ئاپریلی ٢٠٢٢)، دوو شارۆمەندی کورد بە ناوەکانی “حەسەن یەزدانی” تەمەن ٤٥ ساڵ و “جەلال خاکسار” تەمەن ٤٤ ساڵ خەڵکی ئاوایی “ڕەشانلوو” لە ناوچەی قووچان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار رەوانە کراون.
بەپێی راپۆرتێک کە بۆ هانا هاتووە، ئەم دوو شارۆمەندە کوردە دوای گەڕانەوەیان لە هەرێمی کوردستانەوە بە بێ بەڵگەی یاسایی و سەرەڕۆیانە دەستبەسەر کراون.
ئەم دوو شارۆمەندە لە یەکێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان خەریکی کاری جۆشکاری بوون.
تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکار و شوێنی دەستبەسەرکرانی ئەم دوو شارۆمەندە کوردە و یا تۆمەتێک کە دراوەتە پاڵیان لەبەردەستدا نییە.
