هانا: رۆژی چوارشەممە ٢٢ی گوڵانی ١٤٠٠ – (١٢ی مەی ٢٠٢١)، کرێکارانی شارەوانی قوروە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان وەڕێخست.
ئەم کۆبوونەوەیە بۆ ناڕەزایەتی بە هەڵاواردن لە سەر دانی بڕی هەقدەستەکان و بەڕێوەنەبردن و رەچاونەکردنی یەکسان کردنی هەقدەست و مافی کرێکاران بەڕێوەچووە.
ئەم کرێکارانە دەڵێن "بە ٢٠ تا ٢٥ ساڵ پێشینەی کارەوە، هەلومەرج و دۆخی کار و پیشەیان نادیارە. ساڵی ١٣٩٨ دوو جار بڕیارنامەی تایبەت بە بارودۆخی کرێکاران دراوە بەڵام بە هۆی پێشێلکاری بەرپرس و کارگێڕانی بەشی کار و داراییەوە بڕیارەکان بەڕێوەنەچوون. هەروەها بڕیارنامەی "یەکسان کردنی ماف و هەقدەست و مووچەی فەرمانبەرانی قەراردادی و کاری دیاریکراو و لەگەڵ فەرمانبەرانی پەیمانکار" لەم ساڵدا راگەیەندراوە و ئەویش هەر پشتگوێ خراوە. فەرمانبەرانی قەراردادی شارەوانی قوروە خوازیاری بەڕێوەچوونی بێ ئەملاولای ئەم بڕیارنامەیەن و دەڵێن: دەبێ مافی ئەوان بەقەت مافی فەرمانبەرانی پەیمانکاری شارەوانی زیاد بکرێ.
