هانا: بەگوێرەی ئەو راپۆرتانەی گەیشتوون، کرێکارانی شارەوانی قوروە رۆژی سێشەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠ – (٢٤ی ئاگۆستی ٢٠٢١) کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان وەڕێخستووە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، کرێکارانی شارەوانی قوروە بە مەبەستی بردنەسەری هەقدەستەکانیان، لابردنی شەریکەی پەیمانکاران، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبردووە. لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە ئەو کرێکارانە دەڵێن، ژمارەیەکی زۆر کرێکار لە رێگای پەیمانکارەکانەوە لە شارەوانی قوروە کار دەکەن. بە هاتنی پەیمانکاران ئاکامەکەی بووەتە ئەوەی حەقدەستی کەمتر بدەن بەو کرێکارانەی لە شارەوانی دەمەزراون، ئەمەش راستەوخۆ کاری کردووەتە سەر ژیان و بەڕێچوونی ئەو کرێکارانە و بنەماڵەکانیان بەتایبەت لەم بارودۆخە خراپەی ئابووری داڕماوی ئێراندا.
کرێکارانی شارەوانی داوایان ئەوە بووە هیچ پەیمانکارێک لەگۆڕێدا نەبێ و هەموو کرێکارەکان راستەوخۆ لەلایەن شارەوانییەوە دابمەزرێن و هەروەها لەم بارودۆخەی ئێراندا کە نرخی هەموو پێداویستییەکانی ژیان رۆژ لەگەڵ رۆژ دەچێتە سەر، هەقدەستی ئەوانیش بەجۆرێک بچێتەسەر کە بتوانێ بژیوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان دەربێنێ.
