وێڕای پەرەسەندنی سەرکوتی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی شارومەندانی کورد، جووڵە کۆمەڵایەتییەکانی وەک داکۆیکردن لە مافی مرۆڤ، ژنان، منداڵان، ژینگەپارێزان و هتد باشتر و پێشکەوتووتر ئاست و نۆڕمی داخوازییەکانیان لەچاو رابردوو بەردۆتە سەرەوە.
لەسەرەتای دەستپێکی ساڵی ٢٠٢١ی زایینی کۆماری ئیسلامی بە وەڕێ خستنی شەپۆلی دەستگیرییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، زیاتربوونی ئاستی کوشتن و بریندار کردنی کۆڵبەران، دروستکردنی فیلمی دێکۆمێنتاریی لەسەر حیزبە کوردییەکان، توژمێکی نوێی لە دژی شارومەندانی کورد دەست پێکردووە و پرۆسەی سەرکوتی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا لەچاو بەشەکانی دیکەی ئێران زیاتر هەست پێ دەکرێت.
وەڕێکەوتنی ئەم شەپۆلە لە دژی شارومەندانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا لە چەند رووە دەتوانرێت شرۆڤەی لەسەر بکرێت و فاکتەرە سەرەکییەکانی بخرێنە بەر باس و لێکدانەوە.
نکۆڵی لەوە ناکرێت هەمیشە بەدوای ئاڵوگۆڕە سیاسییە جیهانییەکان و تا ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی هەستی بە رووی خۆش نیشاندانی وڵاتە زلهێزەکانی دنیا بەتایبەت وەک ئەمریکا کردووە، سەرکوتی شارومەندان لە ناو خۆی ئێران و بە تایبەت شارومەندانی کورد رۆژهەڵاتی کوردستاندا پەرەی سەندووە.
ئەمجارەش کۆماری ئیسلامی ئێران بەدوای هاتنە سەرکاری "جۆ بایدێن" وەک سەرککۆماری نوێی ئەمریکا، دەیهەوێت وێڕای نیشاندانی دەسهەڵات، نیشانی بدات کە ئێستاش هێز و توانای سەرکوتی لە ناوخۆی ئێراندا هەیە رێگە بەوە نادات کە "ماڤی مرۆڤ" وەک چەمکێک لە ئەگەری دانووستاندنەکانی داهاتوودا بەکار بێت یان هێزێکی دەرەکی بیهەوێت وەبەرهێنانێکی سیاسیی لەسەر پشتیوانی یان وەگەڕ خستنی خۆپێشاندانە ناڕەزایەتییەکان لەناو خۆی ئێران و بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بکات.
هەرچەند کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرینتربوونەوەی چالاکییە مەدەنی و سیاسییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا غافڵ نییە و خۆی ئەم شەپۆلی سەرکوت و رەشبەگیرییانە لە رۆژهەڵاتی کەردستاندا شایەتحاڵی ئەوەیە کە ئاستی داخوازییە مەدەنی و سیاسییەکان، هزری ژینگەپارێزی و داکۆکی کردن لە مافی ژنان, منداڵان و دەیان فاکتەری پۆزێتیڤی دیکە لە چوار پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان لەچاو بەشەکانی دیکەی ئێران لە قۆناغێکی پێشکەوتوو و پەرەسەندووتر دایە.
لەم ماوەیەدا کۆماری ئیسلامی بە نیشاندانی چەنگ و نینۆکی خۆی لە دژی شارومەندانی کورد نەوەستاوە و بە دروستکردنی فیلمی دێکۆمێنتاری لە دژی حیزبە کوردییەکان ویستوویەتی سیاسەتە شکستخوارووەکانی خۆی لەمەڕ وەبەرهێنانی سیاسیی و خۆجێی و بە بەسیج و جاش کردنی ژمارەیەکی دیاریکراو لە خەڵک، پێگەی ئەم حیزبانە بسڕێتەوە کە هەموو جارێک حیزبە کوردییەکان بە وەڕێ خستنی جووڵەیەکی کۆمەڵایەتیی وەک خۆپێشاندان یان مانگرتنی گشتیی و پێشوازی کردنی خەڵک، ئاستی سەرکەوتنی ئەم سیاسەتانەی کۆماری ئیسلامیان بە کردەوە لە مەحەک داوە…
لەم ٥ دەیەی رابردوودا وێڕای پەرەسەندنی سەرکوتی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی شارومەندانی کورد، جووڵە کۆمەڵایەتییەکانی وەک داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ، ژنان، منداڵان، ژینگەپارێزان و هتد باشتر و پێشکەوتووتر ئاست و نۆڕمی داخوازییەکانیان لەچاو رابردوو بەردۆتە سەرەوە.
هەرچەند کۆماری ئیسلامی ئێران لەم ماووەیەدا ویستی بە بردنە سەرەوەی ئاستی دەستگیرییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان مستی ئاسنینی خۆشی نیشان بدات، بەڵام هەر خۆی کەمنەبوون و بە پێچەوانە زیاتربوونی رێژەی ئەم چالاکوانانە وەک مەترسییەکی جیددیش بۆی خۆی مەزندە دەکات.