هانا: کەمپەینی “رامین حسین پەناهی” زیندانی سیاسی کە لە زیندانەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێراندا ئێعدام کرا، لە سێیەمین ساڵڕۆژی ئێعدامی رامین حسێن پەناهی لوقمان و زانیار مرادیدا نادیار بوونی شوێنی بە خاک سپاردنی ئەو بەندییە ئێعدام کراوانەی راگەیاند.
هەروەها ئەم کەمیپەینە ئاماژە بەوە دەکا، دوای ٣ ساڵ حکومەتی ئێران هیچ زانیارییەکی لەبارەی ئێعدامی ئەوان نەداوە، خۆی لە دانەوەی تەرمەکان پاراستووە و شوێنی بەخاک سپاردنیان نادیارە.
رامین حسێن پەناهی، لوقمان مرادی و زانیاری مرادی رۆژی چوارشەممە ١٧ی خرمانانی ١٣٩٧ بەرامبەر بە (٨ی سپتەمبری ٢٠١٨)، بە تۆمەتی ئەندامەتی لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سێدارە دران. بەڕێوەبردنی سزای سێدارەی ئەم سێ چالاکە کوردە ناڕەزایەتی گەورەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی بەدواداهات و ئەم ناڕەزایەتییە رێکەوتی ٢١ی خرمانانی ١٣٩٧ گەیشتە لووتکەی خۆی و مانگرتنی گشتی سەراسەری کوردستانی گرتەوە.
ئاگادار بوونی بنەماڵە و کەسوکاری ئەم سێ چالاکە کوردە لە شوێنی بە خاک سپاردنی رۆڵەکانیان مافی رەوای خۆیانە و شاردنەوەی گۆڕی چالاکانی لە سێدارەدراو لە ئێران، بە پێچەوانەی یاسا و رێسا نێونەتەوەییەکانە کە کاربەدەستانی حکومەتی ئێران لێرە و لەوێ و لە لێدوانەکانیاندا ئیدیعای رەچاوگرتنی دەکەن.
