شنۆ: هێرشی هێزەکانی سپای پاسداران بۆ سەر ئاوایی قەرەسەقەل 

ئەمڕۆ سێشەممە رێکەوتی ٢٦ی رەشەمەی ١٣٩٩ (١٦ی مارسی ٢٠٢١)، هێزێکی تەیاری سپای پاسدارانی شنۆ بە دەیان ماشێنی پڕ لە هێزی چەکدارەوە زیاتر لە چەند کاتژمێر لە ناو گوندی قەرەسەقەل مانۆڕی سەربازییان دا. 

هەواڵنێری هانا لە درێژەی ئەم راپۆرتەدا رایگەیاند: هێزەکانی سپا بە مەبەستی پێکهێنانی کەشی ترس و سام لە نێو خەڵکدا لە بەرەبەری نەورۆز و رێوڕەسمەکانی سەری ساڵ ئەم مانۆڕە سەربازییەیان ئەنجام داوە. 
شایانی باسە هێزەکانی سپای پاسداڕانی ئێران پێشتر بە چەکوچۆڵی قورسی سەربازی بۆ وێنە بۆمب و خۆمپارە هێرشیان کردبووە سەر ئەو ئاواییە و بەشێکی زۆر لەم گوندە مێژووییەیان وێران کردبوو. 
ئاوایی قەرەسەقەل لە ناوچەی مێژویی قەرەسەقەل هەڵکەوتووە و یەکێکە لە ناوچە و شوێنەوارە مێژووییەکانی کوردستان کە مێژووی ئەو گوندە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرەتایی بەردین – سەردەمی مسین و بەردین – سەردەمی بڕۆنز- هەزارەی یەکەمی زایین و… . ئەم ناوچەیە سەر بە شنۆ و بەشی نەڵۆسە و هەموو ساڵێ لەوێ رێوڕەسمی نەورۆز بە شێوەیەکی شکۆدار بەڕێوەدەچێ.  
 

RELATED ARTICLES

Most Popular