شنۆ: دەستبەسەر کردنی شارۆمەندێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە 

هانا: رۆژی یەکشەممە ٦ پووشپەڕی ١٤٠٠ –  (٢٧ی ژوئەنی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. 

ناسنامەی ئەم شارۆمەندە "شۆڕش مەحموودیان" خەڵکی گوندی "شاوانە" لە ناوچەی شنۆ راگەیەندراوە. 
بەپێی ئەو راپۆرتانەی هاتوون، ناوبراو بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزراوەتەوە. 
شایانی باسە، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووس و شوێنی دەستبەسەر کرانی ناوبراو لەبەردەستدا نییە. 

دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لەلایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.  
بەندی ٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لەمبارەوە بەم جۆرەی خوارەوە دەڵێ:  

بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular