هانا: رۆژی یەکشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (٢٠ی ژوئەنی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کورد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر کراوە.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "نەجیب دەریایی" تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی شنۆ راگەیەندراوە.
بەپێی راپۆرتەکان، ناوبراو بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شنۆ دەستبەسەر کراوە.
تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هۆکار و شوێنی دەستبەسەر کردنی نەجیب دەریایی بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا روون نییە.
بەندەکانی ٣، ٩ و ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە) سەبارەت بە ماف و ئازادییە دێموکراتییەکان مرۆڤ لە کۆمەڵگاکاندا بەم جۆرە دەدوێ کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە.
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.