هانا: رۆژی سێشەممە ٣ی جۆزەردانی ١٤٠١-(٢٤ی مەی ٢٠٢٢)، شارۆمەندێکی کورد بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی رەوانەی بەندیخانە کرا.
ناوی ئەم شارۆمەندە "یوسف ئەمینی" تەمەن ٥٢ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "گورگاوێ" لە ناوچەی شنۆ راگەیەندراوە. بەپێی راپۆرتەکان ناوبراو لەلایەن لقی ١ی دادگای "ئینقلاب"ی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی قازی "رەزایی" ٢ سال بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.
یوسف ئەمینی ٤ی رێبەندانی ١٤٠٠ بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر و پاش کۆتایی هاتنی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتەی ١٥٠ میلیۆن تمەن بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
رۆژی ٧ی رەشەمەی ١٤٠٠ کۆبوونەوەی دادگایی کردنی ناوبراو لە لقی ١ی دادگای "ئینقلاب"ی شنۆ بەڕێوەچوو و لەلایەن دادگاوە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حزبە کوردەکانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی ئێرانی درابووە پاڵ.
