هانا: ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ۱۱ی گەلاوێژی۱٤۰۰- (۲ی ئاگۆستی ۲۰۲۱)، ٦ شارۆمەندی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەتیەکانی شاری شنۆ دەستبەسەرکران.
ناسنامەی ئەو ٦ شارۆمەندە بەم جۆرەیە:
١ ڕەحمان ئەسەدی
٢ ڕێبوار چارکداری
٣ جەلال قادرزادە
٤ عوبەید ئەنوەری
٥ فەرهاد مەعڕووفی
٦ حەسەن شادیخاە
جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە، لە چەند بەندی خوارەوەدا بەم جۆرە لە سەر ماف و ئازاداییە دیموکراتیکەکان لە کۆمەڵگاکاندا دەدوێ:
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٠ هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە لەوپەڕی بەرابەریدا لەگەڵ کەسانی دیکەدا لە دادگایەکی سەربەخۆ، بێ لایەن، دادپەروەر و ئاشکرادا بە کیشە و سکاڵاکەی رابگەن و دەبێ دادگایەکی لەم جۆرە لە بارەی ماف و پێویستییەکانی ئەو یا هەر تاوانێک کە دراوەتە پاڵی یان پێی تاوانبارە، بڕیار بدا.
بەندی ١١- هەر کەسێک هەر تاوانێکی درابێتە پاڵ یا پێی تاوانبار کرابێ، تا لەلایەن دادگایەکی ئاشکرا و بێ لایەنەوە کە هەموو مافەکانی بەرگری لە خۆی پارێزراو بێ، تاوانەکەی دەرنەکەوتبێ، بە بێ تاوان دەژمیردرێ.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.