هانا: هاوکارانی هانا لە شنۆوە ئاگاداریان کردین، جەنگەڵبانی ئەو شارە لە درێژەی وێرانکاری و کاولکارییەکانیدا، رێگەی بڕینەوەی پیرە دارێکی تەمەن ٦٠ ساڵانیان بە کەسێک داوە و لە ئاکامدا ئەو دارەیان لە بنەوە بڕیوەتەوە.
ئەم پیرە دارە لە جۆری دار بی بووە لە نێوان ئاواییەکانی "سەوجە" و "خانلەر" هەڵکەوتووە و ئەو شوێنەی رازاندبۆوە و ببوو بە شوێنی حەسانەوەی رێبواران. بەداخەوە لە هەوڵێکی نابەجێ و کاولکارانەی جەنگەڵبانی شنۆدا ئیجازەی فرۆشتن و بڕینەوەی ئەم دارەی بۆ شارۆمەندێک دەرکرد.
وێران کردنی ژینگەی کوردستان لە رێگای بڕینەوە دار و دارستانەکانەوە لەم ساڵانەی دواییدا زۆر بە بەرینی روو لە زیاد بوونە و بێدەنگی ناوەندە دەوڵەتییەکان یا رێگە پێدان بۆ بڕینەوەی دارەکان و وێرانی کردنی ژینگە لەلایەن جەنگەڵبانییەوە پرسیارێکی بێ وەڵامە بۆ شارۆمەندانی کورد.