شنۆ: ئیتلاعاتی سپا ٢ شارۆمەندی کوردی دەستبەسەر کرد 

هانا: دوو شارۆمەندی کورد لە شنۆ لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر کران. 

رۆژی سێشەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (٧ی ژوئەنی ٢٠٢١)، شارۆمەندی کورد "ئومید تایی" و رۆژی دواتر ١٨ی جۆزەردان – ٨ی ژوئەنی ٢٠٢١، شارۆمەندێکی تر بە ناوی "جەعفەر حەسەن پوور" تەمەن ٤٢ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "کانیەڕەش" لە ناوچی شنۆ لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر کران. 
شایانی باسە "ئومید تایی" لە مانگی ژانوییەی ٢٠١٩دا بۆ ماوەی ٢ ساڵ دەستبەسەر و زیندانی کرابوو. 

دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لەلایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.  
هەر لەم پێوەندییەدا بەندەکانی ٣، ٩ و ١٩ جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە ماف و ئازادییە دێموکراتییەکانی شارۆمەندان لە کۆمەڵگادا بەم جۆرە دەڵێ: 

بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە. 
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ. 
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا. 

هەروەها مافی بەهرەمەند بوونی تۆمەت لێدراو و دەسبەسەرکراوان بۆ هەبوونی پارێزەر و وەکیل، لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و هەر زیندانی و دەسبەسەرکراوێکە. 

 

RELATED ARTICLES

Most Popular