شنۆ: ئازادکرانی ٤ شارۆمەند بە دانانی بارمتە 

هانا: رۆژی پێنجشەممە ١٧ی خرمانانی ١٤٠١، سێ شارۆمەندی بەندکراو بە ناوەکانی هیوا میرزایی تەمەن ٢٣ ساڵ کوڕی عەبدولڕەحمان و زاهیر مرادی تەمەن ٢٣ ساڵ و کوڕی خدر و حەکیم میرزایی خەڵکی ئاوایی “بێمزورتێ” لە ناوچەی شنۆ، هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەن تا کۆتایی پڕۆسەی لێکۆڵینەوە لە پەروەندەکەی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کراون. 

 

جێگای وەبیرهێنانەوەیە ئەم سێ شارۆمەندە لەگەڵ دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی ئارش پیری تەمەن ٢٠ ساڵ کوڕی محەممەد و ئەنوەر پەیغامی خەڵکی شنۆ بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە ١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەیەکی ئەمنی ورمێ رەوانە کرابوون. پاشان حەکیم میرزایی، هیوا میرزایی و زاهیر مرادی رۆژی سێشەممە ٩ی خرمانان بۆ بەندیخانەی شنۆ گوازرابوونەوە. 

شایانی باسە هێزە ئەمنییەکانی حکومەت بێ بەڵگەی یاسایی و سەرەڕۆیانە ئەم پێێج کەسەیان گرتبوو و جگە لەوە لە ماوەی بەندکرانیاندا لە مافی چاوپێکەوتنی بنەماڵە و پارێزەر بێبەش کراون. 
تا کاتی ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە هۆکاری گرتن و تۆمەتگەلێک کە دراوەتە پاڵ ئەم شارۆمەندانە بۆ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا روون نییە. 

هەروەها بەپێی راپۆرتێکی دیکە رۆژی سێشەممە ١٥ی خرمانان شارۆمەندێکی کورد بە ناوی سەلاحەدین ئەحمەدی تەمەن ٤٢ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "سینگان" لە ناوچەی شنۆ بە دانانی بارمتە تا کۆتایی لێکۆڵینەوە لە پەروەندەکەی لە بەندیخانە ئازاد کراوە. 

لە درێژەی ئەم راپۆرتەدا هاتووە، ناوبراو رۆژی پێنجشەممە ١٦ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەوە بە هۆکاری نادیار و بێ بەڵگەی یاسایی و سەرەڕۆیانە دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنی ورمێ گوێزرابۆوە. پاشان دوای کۆتایی لێپرسینەوە، رۆژی یەکشەممە ١٦ی گەلاوێژ لە گرتووخانەی ئەمنی ورمێ بۆ بەندیخانەی شنۆ گواستبوویانەوە. 
شایانی باسە سەلاحەدین ئەحمەدی لە ماوەی بەندکرانیدا هەموو مافێکی ئینسانی لێ زەوت کرابوو. 

RELATED ARTICLES

Most Popular