شاهاباد: تەقینەوەی مین جووتیارێکی بریندار کرد 

هانا: رۆژی چوارشەممە ٢٩ی گوڵانی ١٤٠٠ – (١٩ی مەی ٢٠٢١)، جووتیارێکی ٤٥ ساڵ تەمەن خەڵکی ئاوایی “حەسەناوا” لە ناوچەی شاهاباد بە هۆی تەقینەوەی مین لە ناو زەوی کشتوکاڵدا، بریندار بووە. 

بەپێی ئەو راپۆرتانەی هاتوون، ئەم شارۆمەندە کوردە بە هۆی تەقینەوەی مین دەست و پێی بە تووندی بریندار بوون و بۆ چارەسەری برینەکانی رەوانەی ناوەندە تەندروستییەکان کراوە. 

شایانی باسە هەر وەک پێشتر رامانگەیاندبوو، رۆژی چوارشەممە ٢٢ی گوڵانی ١٤٠٠ – (١٢ی مەی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی دیکەی کورد بە ناسنامەی "عەبدوڵڵا سەرئەفراز" تەمەن ٢٣ ساڵ خەڵکی ئاوایی "تووە" لە ناوچەی سەردەشت بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بووە. 

جێگای ئاماژەیە، سپای پاسداران، ناوەندە ئەمنییەکان و هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بەردەوام خەریکی چاندنی مینن لە ناوچە سنوورییەکان و جگە لەوەش لانیکەم ٤٢٠٠٠ کیلۆمیتری چوارگۆشە لە خاکی ئێران مین ڕێژ کراوە کە زۆربەی ئەم خاکە مین ڕێژ کراوانە دەکەوێتە هەر چوار پارێزگاکەی کوردستانی ئێران. بەشێک لەو منیانە هی سەردەمی جەنگی ئێران و عێڕاقە هەڵنەگیراونەوە و بەشێکی دیکەش لە دژی حزب و هێزە کوردییەکان لەلایەن هێزەکانی حکومەتی ئێرانەوە چێندراوەن.  حکومەتی ئیسلامی ئێران بە پێچەوانەی یاسا و رێسا نێونەتەوەییەکان تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بۆ هەڵگرتنەوەی ئەو مینانە نەناوە و هەر لەبەر ئەوە ناوە ناوە و هەر جارەی لە ناوچەیەکی کوردستان تەقینەوەی مین کارەساتی دڵتەزێن و قوربانی لێ دەکەوێتەوە. 
بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و کۆنوانسیۆن و یاسا نێونەتەوەییەکان حکومەتی ئیسلامی ئێران وەکوو حکومەتی هەموو وڵاتان بەرپرسە لە پارێزگاری لە ئەمنییەتی گیان و ژیانی هاووڵاتیان. بەڵام حکومەتی ئێران بە خۆپاراستن و واژۆ نەکردنی پەیمانی "ئۆتاوا" خۆی لە هەڵگرتنەوەی مینە چێندراوەکان دەبوێرێ و تەنانەت ئامادە نییە مەیدان و ناوچە مین رێژکراوەکان دیاری و نیشانە بکا کە لانیکەم ئەمە دەتوانێ گیانی شارۆمەندان تا رادەیەک رزگار بکات. هەروەها دانی زانیاری بە خەڵکی ناوچە مین رێژکراوەکان سەبارەت بە مەیدانەکانی مین و مەترسی مین ئەرکی سەر شانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانە وەک دەسەڵاتی ئەم وڵاتە بەڵام ئەم کارەش هەر ناکا. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular