هانا: دوو چالاکی فەرهەنگی کوردی خەڵکی “شاهاباد” بانگ کرانە دادگای شۆڕشی ئەم شارە.
ناسنامەی ئەم دوو شارۆمەندە کوردە "ئانیسا جەعفەری میهر" تەمەن ٢٧ ساڵ و "داریووش مرادی" و هەر دووکیان خەڵکی "شاهاباد" راگەیەندراوە.
بەپێی ئەم راپۆرتەی بە هانا گەیشتووە، ئەم دوو شارۆمەندە کوردە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی سیستەمی دەسەڵاتدار" بانگ کراونە دادگای شۆڕشی "شاهاباد" و دەبێ رۆژی شەممە ٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠ لە دادگای ئەم شارە ئامادە بوونی خۆیان رابگەیەنن.
کۆبوونەوەی دادگا بۆ راگەیاندنی تۆمەتی ئەم دوو شارۆمەندە کوردە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ لە لقی دادسەرای گشتی و شۆڕشی "شاهاباد" بەڕێوەچووە و ئەم دوو شارۆمەندە بێ تاوان بوونی خۆیان لە هەمبەر تۆمەتی ئەندامەتی لە حزبە کوردییەکان سەلماندووە.
بەندی ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە ئازادی بەیان و ئازادی تاک لە کۆمەڵگادا بەم جۆرە دەڵێ:
هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.