مینەچێندراوەکان لە بازنە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام قوربانی دەستێنێت.
رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٤ی رێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی بەرامبەر بە ١٢ی فێورییەی ٢٠٢١ی زایینی شارومەندێکی کورد بە ناوی "نادر بەراران" دانیشتووی ناوچەی "میەمەک"ی شاری مێهرانی سەر بە کرمانشان بەهۆی ئەوەیکە دەکەوێتە سەر مینێکی چێندراو، بە تووندی بریندار دەبێت و پاشان گیان لە دەست دەدات.
پێویست بە وەبیر هێنانەوەیە کە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٢ی رێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاو بەرامبەر بە ٣١ی ژانوییەی ٢٠٢١ی زایینی گەنجێکی کورد بە ناوی "سامان رەزایی" دانیشتووی یەکێک لە ئاواییەکانی سەر بە شاری سەرپێڵی زەهاب لە کاتی ئاژەڵداریی لە دەرەوەی گووندەکەی خۆی دەکەوێتە سەر مینێکی چێندراوی شەڕی نێوان ئێران و عێراق و بە تووندی بریندار دەبێت.
هەروەها رۆژی ٥شەممە رێکەوتی ٢٣ی رێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی بەرامبەر بە ١١ی فێورییەی ٢٠٢١ی زایینی، ٢ گوللەتۆتۆپی ١٣٠ میلیمێتتری لە جادەی توونێلی "ئابدانان" هەڵکەوتوو لە پارێزگای ئیلام دۆزراوەتەوە.
جێگای ئاماژەیە زۆربەی ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە کاتی شەڕی نێوان ئێران و عێراقدا لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە مینڕێ کرابوون، بەدوای کۆتایی هاتنی شەڕ، هیچ حەولێک بە مەبەستی پاکتاوکردنی ئەم ناچانە لە مینە چێندراوەکان نەدراوە و بەردەوام دانیشتووانی ئەم ناوچانە بەهۆی کەوتنە سەر ئەو مینانە، بەتووندی بریندار و تووشی کەمئەندامیی یان لە دەستدانی گیانیان دەبن.