شارمەندێکی شنۆیی بەدوای ئەوەیکە هێزە ئەمنییەتییەکان هێرش دەکەنە سەر ماڵی، دەستگیر و راپێچی شوێنێکی نادیار دەکرێت.
گەنجێکی کورد بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ قۆڵبەست و رادەستی شوێنێکی نادیار دەکرێت.
رۆژی ٣شەممە رێکەوتی ٢١ی رێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی بەرامبەر بە ٩ی فێورییەی ٢٠٢١ی زایینی، شارمەندێکی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی "نەجمەدین حسێنی" کوڕی "مەسباح" بەدوای ئەوەیکە هێزە ئەمنییەتییەکانی شاری شنۆ هێرش دەکەنە سەر ماڵی، ناوبراو قۆڵبەست و راپێچی شوێنێکی نادیاری دەکەن.
"نەجمەدین حسێنی" هاوسەردار و باوکی منداڵێکە کە لە سێڕێیانی شاری شنۆ بە تۆمەتی چالاکیی تەبلیغی بە بۆنەی ٢٦ی رێبەندان ساڵوەگەڕی ئاشکرابوونی خەباتی کۆمەڵە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو شارە دەستگیر کراوە.
تا گەیشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی تەندروستی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و چارەنووسی ناوبراو لە گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا نادیارە.
پێویست بە وەبیرهێنانەوە کە رۆژی ٤مەشەممە رێکەوتی ١٤ی رێبەندان بەرامبەر بە ٢ی فێورییەی ٢٠٢١ی زایینی شارومەندێکی دیکە کورد بە ناوی "شەهاب ئەحمەدی" بە تۆمەتی چالاکیی کردن بۆ حیزبی کۆمەڵە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان قۆڵبەست و راپێچی گرتووخانە کراوە.