هانا: بە پێی هەواڵەکان کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی سەرمای زۆر لە ناوچەی سەڵماس گیانی لەدەستداوە.
رۆژی چوارشەممە ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ – (٢٤ی مارسی ٢٠٢١)، کۆڵبەرێک بە ناوی "فەهیم مامدی" تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی گوندی "قزڵکەند" لە ناوچەی سەڵماس، لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنوورەکانی ئەو شارە بە هۆی سەرما و سۆڵی زۆرەوە گیانی لەدەستداوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاندووە، "فەهیم مامدی" لەبەر تاریکی زۆر رێگای لێ ون بووە و بە هۆی سەرما و بەستەڵک گیانی لەدەستداوە.
شایانی باسە کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە بەڵام بەشێک لە خەڵکی کوردستان و بەتایبەت دانیشتوانی سەر سنوورەکان بە هۆی بێکاری و هەژاری ناچارن بۆ بژیوی بنەماڵکەیان روو بکەنە ئەم کارە و گیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە.
بێکاری و هەژاری بەرهەمی نەڕەخساندنی هەلی کارە لەلایەن سیستەمی دەسەڵاتدارەوە.