سەپاندنی ١١ ساڵ زیندان بۆ شارۆمەندێکی کورد لە تاران 

هانا: لە رۆژانی رابردوودا چالاکێکی کرێکار کورد بە ناوی “حەیدەر قوربانی” خەڵکی ئاوایی “بزوەش” لە ناوچەی کامێران سزای ١١ ساڵ بەند کردنیان بە سەردا سەپاند. 

ناوبراو لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی "شاریار"ی تاران، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە ئەنجومەن و کۆڕ و کۆمەڵەکان بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی" سزای ١١ ساڵ بەند کردنی بۆ بڕایەوە. 
باس لەوە دەکرێ ئەم چالاکە کرێکارییە پێشتر هەر بەم تۆمەتە لە شاری قودس دەستبەسەر کراوە و دوای ٢٠ رۆژ دەستبەسەری بە دانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد بووە و ئەم بڕیارەی دادگا لە رۆژانی رابردوودا لە پۆستی ئەلکترۆنی "سەنا"وە بە ناوبراو راگەیەندراوە. 

بەندی ١٩ و خاڵی یەکەم لە بەندی ٢٠ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە سەبارەت بە ماف و ئازادییەکانی تاک لە کۆمەڵگادا لە بابەت ئازادی بەیان و بیروبۆچوون هەروەها بۆ پێکهێنانی ئەنجومەن و کۆڕ و کۆبوونەوە بەم جۆرە دەڵێ: 

بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا. 
بەندی ٢٠ خاڵی یەکەم: "هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە لە پێکهێنانی ئەنجومەن و کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانەدا ئازاد بێ". 

پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و بایەخ نەدان بە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن حکومەتی ئیسلامی ئێران و دامودەزگای ئەمنییەتی و قەزایی ئەم حکومەتەوە بووەتە کردەوەی رۆژانەی حکومەت و بەڕێوەبەرانی یاسا. 

RELATED ARTICLES

Most Popular