سەپاندنی سزای ٣٨ ساڵ زیندان بۆ سومەیە کارگەر و ٤ چالاکی مەدەنی

هانا: بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، سزای ٣٨ ساڵ زیندان بۆ سومەیە کارگەر  چالاکی مەدەنی خەڵکی ئیلام و ٤ کەسی تر لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشەوە دراوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەوە، دادگا تۆمەتی "بەشداری لە ئیدارەکردنی گرووپی نایاسایی و چالاکی و پڕۆپاگەندە دژی نیزامی ئێران" داوەتە پاڵ ئەو ٥ شارۆمەندە کە سزای هەر کام بەم شێوەیە راگەیەندراوە: "ناهید تەقوایی و مێهران رەئووف" ۱۰ ساڵ و ٨ مانگ بەند کران، نازەنین محەممەد نژاد ٣ ساڵ و سومەیە کارگەر و بەهارە سولەیمانی بە ٦ ساڵ و ٨ مانگ زیندان سزا دراون. 

سومەیە کارگەر چالاکی مەدەنی خەڵکی ئیلام و دەرچووی بەشی فەلسەفەیه لە زانستگای تەورێز، ناوبراو لە ڕێکەوتی (١٦ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠) لە ماڵی خۆی دوای هێرشی هێزە ئەمنییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی دەستبەسەرکرا و لە هەمان کاتدا هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستیان بە سەر کەلوپەلی شەخسی سومەیە وەکوو لەپ تۆب و موبایلەکەیدا گرتووە. سومەیە دوای ٤ مانگ لێپرسینەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە بەندیخانەی "ئێڤین"ـەوە، ڕادەستی زیندانی "قەرچەک"ی وەڕامین کرا. 

سەرەڕای ئەوەی ناوبراو تووشی نەخۆشییەکی نەناسراوی چاوە بەڵام لە کاتی دەستبەسەرکران لە دەرمان و دوکتور بێ بەشیان کردووە.ئەوە لەحاڵێکدایە سومەیە دەبوایە بۆ درێژەی دەرمان و چارەسەری نەخۆشییەکەی لە مانگی نوامبری ٢٠٢٠ سەردانی وڵاتی فەڕانسەی کردبا.

هەروەها مەئموورانی بەندیخانە بە ناوبراویان راگەیاندبوو نابێ بە زمانی کوردی بدوێ و سومەیەش لە وەڵامدا وتوویە: من جگە لە زمانی کوردی ناتوانم بە هیچ زمانێکی دیکە هەستی خۆم بەرامبەر منداڵەکەم دەربڕم.

RELATED ARTICLES

Most Popular