هانا: رۆژی دووشەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (٧ی ژوئەنی ٢٠٢١)، چالاکێکی سیاسی بە ناسنامەی “بەرزان محەممەدی” لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسر کرا.
"بەرزان محەممەدی" پێشتر بەندکراوی سیاسی بووە و مەئموورانی ئەمنییەتی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی براکەی لە ئاوایی "گۆشخانی" لە ناوچەی سەوڵاوا و ناوبراویان قۆڵبەست کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستۆتەوە.
تا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەم شارۆمەندە رانەگەیەندراوە و گرتنی ناوبراو بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە و بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی بووە، بەڵام ئەو لەم دواییانەدا تێکەڵ بە کەمپەینی "نا بۆ کۆماری ئیسلامی" ببوو.
ئەم شارۆمەندە کوردە لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٧دا بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام و شێواندی ئەمنییەتی نەتەوەیی" لە لقی ١٠ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی قازی توندئاژۆی حکومەت "سەڵەواتی" ٦ ساڵی زیندانی بە سەردا سەپابوو و ئەم بڕیارە لە دادگای دوویەمدا بۆ ٣ ساڵ بەندکردن داشکا.
لێرەدا بەندەکانی ٣، ٩ و ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە)، سەبارەت بە ئازادی بەیان و ماف و ئازادییە دێموکرتیکەکان لە کۆمەڵگادا، لە خوارەوە دێنین.
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.