رۆژی پێنجشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (١٧ی ژوئەنی ٢٠٢١)، شارۆمەندێک کورد خەڵکی سەلاسی باوەجانی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێر گیرا و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کرد.
ناسنامەی ئەم لاوە "ئوسامە ئیسماعیلزادە" تەمەن ٢٠ ساڵ راگەیاندراوە. ئەو راپۆرتانەی بۆ هانا بەڕێکراون پشتڕاستی دەکەنەوە ناوبراو لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە ئەشکەنجە و ئازار دراوە و سووکایەتی و بێڕێزیان پێ کردووە.
هەوەها دەستبەسەر کردنی ئەم شارۆمەندە بە بێ حوکمی دادگا و بەڵگەی یاسایی بەڕێوەچووە و بە شێوەی سەرەڕۆیانە بووە.
جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە حکومەتی ئیسلامی ئێرانیش واژۆی کردووە، لە بەندەکانی ٥ و ٩دا بەم جۆرەی خوارەوە لە سەر پاراستنی ئەمنییەت و کەڕامەت و ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ لە کۆمەڵگاکاندا دەدوێ:
بەندی ٥- هیچ کەس نابێ ئەشکەنجە بدرێ یان بکەوێتە بەر کردەوە و رەفتار و سزای زۆردارانە و دژی ئینسانی و سووکایەتی پێ بکرێ.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.