سەلاسی‌باوەجانی: دوو هاووڵاتی کۆتاییانی بە ژیانیان هێنا 

هانا: رۆژی دووشەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ بەرامبەر بە ١٢ی ئاوریلی ٢٠٢١، دوو شارۆمەندی کوردی خەڵکی سەلاسی‌باوەجانی کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. 

ناسنامەی ئەو پیاوەی کۆتایی بە گیانی خۆی هێناوە "یوسف سەلمانی" خەڵکی ئاوایی "بانی پاریاب" لە ناوچەی سەلاسی‌باوەجانی و هۆکاری خۆکوژییەکەی لەبەر هەژاری و بێکاری راگەیەندراوە. 
هەروەها هەر لەم پێوەندییەدا راگەیەندراوە ژنێک کە بە منداڵی بە شوو دراوە، بە هۆکارگەلێکی نادیار بینایی هەر دوو چاوەکانی لەدەستداوە و لە ئاکامدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. 
ناسنامەی ئەو شارۆمەندە ژنە تا ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا روون نییە، بەڵام لە بنەماڵەی "تایجوزی" راگەیەندراوە. 

هەژاری و نەداری لە رادەبەدەر و بێکاری بووەتە هۆی نەخۆشی دەروونی و گەلێک گیروگرفتی کۆمەڵایەتی کە هۆکاری سەرەکی خۆکوژییەکانن لە کۆمەڵگای ئێران و لەولاشەوە نەبوونی فێرکردن و پەروەردە و پلانێکی تۆکمە لەلایەن ناوەندە دەوڵەتییەکانەوە بۆ بەرەوڕووبوونەوەی، رێگای بۆ پەرەگرتنی ئەم دیاردە دڵتەزێنە لە کۆمەڵگادا ئاواڵە کردووە. 
لە نێو ژناندا ئەم گیروگرفتانە چەند هێندەیە و پیاومەزنی و نەبوونی پشتیوانییەکی یاسایی لە مافەکان و کەڕامەت و سەربەخۆیی ژنان، دیاردەی خۆکۆژی لە ناو ژناندا پتر دەکا. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular