هانا: رۆژی شەممە ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٠ – (١٠ی ژولای ٢٠٢١)، کۆڵبەرێک لە سنووری “بڕوێشکانی” ناوچەی بانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران پێکرا و گیانی لەدەستدا.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "حامید ئەمینپوور" تەمەن ٤٨ ساڵ، باوکی ٦ منداڵ و خەڵکی سەقز راگەیەندراوە.
بەپێی راپۆرتێک کە بۆ هانا هاتووە، ناوبراو لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری "بڕوێشکانی" ناوچەی بانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی ئیسلامی پێکراوە و لە ئاکامدا گیانی لەدەستداوە.
کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و لە راستیدا کار نییە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شار و ناوچەکانی سەرسنوور لەبەر نەبوونی کار بە مەبەستی پەیدا کردنی بژیوی بنەماڵەکەیان بە ناچار روویان کردووەتە کۆڵبەری. نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە.
خاڵی یەکەم لە بەندی ٢٥ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ مافە کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکانی شارۆمەندان لە کۆمەڵگا و وڵاتدا دیاری دەکا و لە ئەگەری نەمانی توانای بەڕێچوونی ژیان یا بێکاری ئەرک دەخاتە سەر شانی حکومەت تا بژیوی ژیان و بەڕێچوونی شارۆمەندان بە شێوەی ستاندارد و باش دابین بکات. لە خوارەوە دەقی نووسراوەکە دێنین و شایانی باسە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە.
بەندی ٢٥ خاڵی یەکەم: هەر کەس مافی ئەوەی هەیە بە مەبەستی دابینکردنی تەندروستی و ئاسوودەیی خۆی و بنەماڵەکەی بەتایبەتی لە باری خوراک، جلوبەرگ، شوێنی نیشتەجێ بوون وەک ماڵ و خانووبەرە، خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ئاستێکی ستاندارد و باش لە ژیانی هەبێ. هەروەها مافی ئەوەی هەیە لە کاتی بێکاری، نەخۆشی، لەدەستدانی ئەندام یا ئەندامانی لەشی، لەدەستدانی مێرد یا ژن، بەساڵاچوون و پیری، لە تەواوی ئەم حاڵەتانەدا کە بێ ئیرادە و بڕیاری خۆی کەرەسە و ئامرازەکانی بژیوی ژیان و بەڕێچوونی لەدەستداون، لە باری کۆمەڵایەتییەوە ژیانی دابین بکرێ.
