هانا: رۆژی دووشەممە ٣ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (٢٤ی مەی ٢٠٢١)، چالاکێکی کرێکاری خەڵکی سەقز لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگ کراوە.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "کاوە حەکیمی" خەڵکی سەقز راگەیەندراوە.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی بۆ هانا هاتوون، "کاوە حەکیمی" یەکێکە لەو کەسانەی راگەیاندنەکەی دوو چالاکی کرێکاری "عوسمان ئیسماعیلی" و "مەحموود ساڵحی" واژۆ کردبوو. ئیتلاعاتی سەقز نابراوی بە مەبەستی لێپرسینەوە بانگ کردووە.
بەندەکانی ٩ و ١٩ و هەروەها خاڵی یەکەم لە بەندی ٢٠ی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە سەبارەت بە ماف و ئازادییەکانی تاک و هەروەها پێکهێنانی ئەنجومەن و کۆڕ و کۆبوونەوە بەم جۆرە دەڵێ:
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.
ماددەی ٢٠ خاڵی یەکەم: "هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە لە پێکهێنانی ئەنجومەن و کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانەدا ئازاد بێ".
پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و بایەخ نەدان بە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن حکومەتی ئیسلامی ئێران و دامودەزگای ئەمنییەتی و قەزایی ئەم حکومەتەوە بووەتە کردەوەی رۆژانەی حکومەت و بەڕێوەبەرانی یاسا.
