هانا: رۆژی دووشەممە ١٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ – (٥ی ئاوریلی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کوردی خەڵکی سەقز، تەمەن ٥٥ ساڵ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە "مەجید تەلعەتی" ٥٥ ساڵ تەمەن و خەڵکی گەڕەکی "سەرچەم وەلی خان"ی سەقز راگەیەندراوە.
هەواڵنیری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە سەقز رایگەیاند: ئەو پیاوە ٥٥ ساڵە بە تەنیا لە ماڵێکدا دەژیا. ناوبراو خۆی هەڵاوەسیوە و لە ئاکامدا گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەیان رەوانەی پزیشکی قانوونی کردووە.
کێشەی ئابووری و هەژاری، نەخۆشی دەروونی، گوشاری فەرهەنگی، گیروگرفتی سیاسی و گوشارە کۆمەڵایەتییەکان لە هۆکارە باوەکانی خۆکوژین لە کۆمەڵگای ئێران و رادەی خۆکوژی لە کوردستان لە بەشەکانی دیکەی ئێران زیاترە.
ئەم بارودۆخەی ئێستا دەکری بە ناکارامەیی بەڕێوەبەران و بەرپرسان هەژمار بکرێ و پێشێلکردنی ئاشکرای مادەکانی ٢٢ و ٢٥ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤە.