سەقز: مەحموود ساڵحی و عوسمان ئیسماعیلی لەلایەن دادگاوە سزا دران 

هانا: بەپێی راپۆرتێک کە هاوکارانی هانا لە سەقزەوە ناردوویانە، “محموود ساڵحی” و عوسمان ئیسماعیلی” بە تۆمەتی “چالاکی سیاسی و بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی رۆژی جیهانی کرێکار و هەروەها وێنە گرتن و بڵاوکردنەوەی لە فەزای مەجازی” لەلایەن لقی دادگای ئینقلابی سەقزەوە بە دانی پارەی نەغد سزاد دران. 

بەپێی بڕیارێک کە لەلایەن دادگای ئینقلابی سەقزوە دەرکراوە و وێنەیەکی بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاتووە، ئەوە بەدی دەکرێ بەپێی ئەم بڕیارە مەحموود ساڵحی بە دانی ٢ میلیۆن تمەن و عوسمان ئیسماعیلی بە دانی ٤ میلیۆن تمەن پارەی نەغد سزا دراون. 
ئەم دوو چالاکە کرێکارییە لە کۆبوونەوەی دادگای ئینقلابی سەقز کە رۆژی سێشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (٢٥ی مەی ٢٠٢١) بەڕێوەچووە بەرگرییان لە خۆیان کردووە و لە قسەکانیاندا وتوویانە، بەڕێوەچوونی سەربەخۆی رۆژی جیهانی کرێکار مافی کرێکارانە و بە بەرگری کردن لە چالاکییەکانی خۆیان بڕیاری دەرکراو لەلایەن قازی پەروەندەکەیان قەبووڵ نەکردووە و نەچوونە ژێر باری تۆمەتەکان و رایانگەیاند کە ناڕەزایەتی خەڵک و چینی کرێکار بەم بارودۆخە خەفەتبار و خراپەی ئابووری و سیاسی رەوایە و ئەو تۆمەتانەی بە سەریاندا سەپاندوون بێ بنەما و ناڕەوان. 
چالاکی سیاسی و بەڕێوەبردنی رۆژی جیهانی کرێکار و بڵاوکردنەوە وێنەکانی لە سەرەتاییترین مافەکانی مرڤە و لە چوارچێوەی بەندەکانی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدایە. سەرەڕای ئەوەی واژۆ کردنی ئەم جاڕنامەیە لەلایەن حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە ئەرک دەخاتە ئەستۆی حکومەت بۆ بەڕیوەبردنی، بەڵام ئەم جۆرە چالاکییانە لە ئێران بە تاوان دێتە هەژمار. 
خاڵی یەکەم لە بەندی ٢٠ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە ماف و ئازادییەکانی تاک بۆ پێکهێنانی ئەنجومەن و کۆڕ و کۆبوونەوە بەم جۆرە دەڵێ: 

بەندی ٢٠ خاڵی یەکەم: "هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە لە پێکهێنانی ئەنجومەن و کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانەدا ئازاد بێ". 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular