سەقز: دەستبەسەر کردنی کچێکی ١٦ ساڵان لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە 

هانا: بە پێی ئەو هەواڵانەی بە هانا گەیشتوون، هێزەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بەردەوام و سەرەڕۆیانە گەنجانی کورد دەستبەسەر دەکەن.

 

بە پێی هەواڵێک بە هانا گەیشتووە، کچێکی تەمەن ١٦ ساڵان بە ناوی "ژینا حسێنی موقەدەم" خەڵکی شاری سەقز لە شەقامی سەعدی ئەو شارە، لە لایەن هێزەکانی ئیتتلاعاتی حکومەتەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ ئیدارەی ئیتتلاعاتی ئەو شارە ڕاگواستراوە.

ناوبراو پاش چەند ڕۆژ لە گیرانی، بە تەلەفوون پەیوەندییەکی کورتی بە بنەماڵەکەیەوە گرتووە و ئاگاداری کردوون کە دەستبەسەر کراوە. 

گرتن و دەسبەسەر کردنی مێرمنداڵان و تازەلاوانی تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بە تۆمەت و تاوانی سیاسی و جیاوازی بیروبۆچوون، پێشێل کردنی خاڵەکانی ٦ و ٧ی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵان و هەروەها پێشێل کردنی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤە کە وڵاتی ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی واژۆی کردووە. 
خاڵەکانی ٦ و ٧ی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵان بەم جۆرەی خوارەوە لە سەر مافی منداڵان و تازەلاوان دەدوێ: 

خاڵی ٦- مافی دەربڕینی ئازادانەی بیروباوەڕ. 
خاڵی ٧- مافی ئازادی بیروبۆچوون، بەشداری لە ئەنجومەنەکان، مافی پەروەردە. 

 

RELATED ARTICLES

Most Popular