سەقز: داسەپاندنی سزای بەندکران و جەریمە بەسەر سێ شارۆمەنددا  

هانا: رۆژی ٧ی گوڵانی ١٤٠١ دادگای حکومەتی ئیسلامی لە سەقز لە کۆبوونەوەی خۆیدا سزای بەندکران و جەریمەی بۆ ٤ شارۆمەندی کورد بڕیوەتەوە.  ناوی ئەم شارۆمەندانە بریتین لە: “١. محەممەد سەلیمی ناوی باوک عەبدوڵڵا ٢. زەمانە زێوی ناوی باوک ئەحمەد ٣. میقداد حەسەن نیژاد ناوی باوک ساڵح ٤. کاوە رەشیدزادە ناوی باوک حەسەن”. ئەم شارۆمەندانە پێشتر لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی حکومەتەوە دەستبەسەر کرابوون. 

سزای ئەم شارۆمەندانە رێکەوتی ٨ی گوڵانی ١٤٠١ لە کۆبوونەوەی دادگا بە سەرۆکایەتی جەواد مستەفایی بەرپرسی لقی یەکی دادگای "ئینقلاب"ی ئیسلامی – سەقز بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" راگەیەندرابوو کە سزاکەیان بەم جۆرەیە: 

١.میقداد حەسەن نیژاد ٦ مانگ بەندکرانی بۆ بڕابۆوە بەڵام لەلایەن دادگاوە بە هۆی ئەوەی "لاوە" سزاکەی داشکاوە بۆ ٦ میلیۆن تمەن جەریمە. 
٢. زەمانە زێوی ١٠ مانگ بەندکران. 
٣. محەممەد سەلیمی بە ١١ مانگ بەندکران. 
٤. کاوە رەشیدزادە بە هۆی ئەوەی ئیتلاعات تۆمەتەکانی بۆ نەسەلماوە سزا نەدراوە. 

"زەمانە زێوی" کارناسە لە مافدا، "میقداد حەسەن نیژاد" هونەرمەندە و "کاوە رەشیدزادە" هاوسەری "زەمانە زێو"یە و لە رێکەوتی ٩ی رێبەندانی ١٤٠٠دا دەستبەسەر کرابوون و کاوە رەشیدزادە پاش دوو حەوتوو بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو، بەڵام میقداد حەسەن نیژاد و زەمانە زێوی دوای مانگێک هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەن بۆ شێوەی کاتی ئازاد کرابوون. 

"محەممەد سەلیمی"ش رۆژی سێشەممە ١٩ی رێبەندانی ١٤٠٠ لەلایەن هێزەکان ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەی دوو مانگ دەستبەسەر کرابوو و پاشان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو. 

شایانی باسە، هەموو ئەم شارۆمەندانە بە بێ بەڵگەی یاسایی بە تۆمەتی ئەندامەتی یەکێک لە حزبەکانی کوردستان و "تەبلیغ دژی نیزام" دەستبەسەر کرابوون. هەرچەندە لە کاتی دەستبەسەرکرانیاندا لە مافی پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵە بێبەش بوون بەڵام دادگا نەیتوانی تۆمەتی ئەندامەتی ئەوان لە هیچکام لە حزبە کوردەکانی نەیاری حکومەتی ئیسلامیدا بسەلمێنێ و تەنیا لە سەر تۆمەتی "تەبلیغ دژی نیزام" سزاکەی بەسەردا سەپاندن. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular