هانا: لە درێژەی شەپۆلی گرتن و داوا کردن و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەت بۆ سەر مامۆستایان و فەرهەنگییان و ئەندامانی رێکخراوە پیشەییەکان و چالاکانی مەدەنی لە کوردستان و لە سەراسەری ئێران، رۆژی دووشەممە ١٢ی گوڵانی ١٤٠١ – (٢ی مەی ٢٠٢٢)، دوای ئەوەی ١٠ کەس لە ئەندامانی رێکخراوی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – (سەقز و زێوێ) بانگ کرانە پۆلیسی ئەمنییەتی و ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە سەقز، پەروەندەیان بۆ ٩ کەس لەو شارۆمەندانە پێکهێناوە و رەوانەی دامودەزگای قەزایی حکومەتیان لەو شارە کردوون.
ناسنامەی ئەو ٩ شارۆمەندە بەم جۆرەی خوارەوەیە:
١. ئاوات رەزەوی
٢. لەیلا عینایەتزادە
٣ . تاهیر حامیدی
٤ . تاهیر قادرزادە
٥ . ئامانج ئەمینی
٦ . عەزیز مەرزی
٧ . ئەحمەد قادری
٨ . خالید عەبدوڵڵاهی
٩ . سولەیمان عەبدی
مامۆستایانی سەقز بەرامبەر بەم کردەوەیەی ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەت هەڵوێستیان گرتووە و رایانگەیاندوە، هاوکارانی خۆیان بە تەنیا ناهێڵنەوە و خوازیاری هەڵوەشانەوەی پەروەندەسازی نایاسایی بۆ هاوکارەکانیان بوون.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە لە رۆژانی رابردوودا چالاکانی کرێکاری و پیشەیی مامۆستایان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیرانەوە داوا کراونە ناوەندە ئەمنییەکان و لێپرسینەوە و هەڕەشە و گوڕەشیان لێ کراوە.
