هانا: رۆژی دووشەممە ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠ – (٢٦ی ژولای ٢٠٢١) ژنێک لە سەردەشت لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراوە.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "هوما حاجی پوور" خەڵکی سەردەشت و دانیشتووی وڵاتی "فینلاند" راگەیەندراوە.
بەپێی راپۆرتێک کە بۆ هانا هاتووە، ئەم ژنە کوردە وێڕای دوو منداڵەکەی دانیشتووی وڵاتی فینلاند بووە و بە مەبەستی جیابوونەوە لە هاوسەرەکەی گەڕاوەتەوە سەردەشت. ناسنامەی بکوژەکە "مەجید بێتووشی" خەڵکی سەردەشت راگەیەندراوە. ناوبراو بە بیانووی کێشەی بنەماڵەوە پەلاماری داوەتە هوما حاجی پوور و بە چەکی کەڵەشینکۆف تەقەی لێ کردووە کە لە ئاکامدا هوما حاجی پوور گیانی لەدەستداوە و ژنێکی دیکەی هاوڕێشی بریندار بووە.
شایانی باسە مەجید بێتووشی دوای ئەم کردەوەیە و کوشتنی هاوسەرەکەی، دەستی داوەتە خۆکوژی و ئێستا وێڕای ئەو ژنە شارۆمەندەی بریندارە لە نەخۆشخانەی سەردەشت لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دان.
جێگای خۆیەتی لیرەدا ئاماژە بەم راستیەی بکەین ژنانی ئێران بە پێی یاساکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە گەلێک مافی ئینسانی بێبەشن و یاسا بە شێوەی یەکسان و بەرابەر پشتگیری لە ژنان ناکا. سیستەمێکی تەواو پیاوسالار بە سەر کۆمەڵگای ئێراندا زاڵە و جگە لە دواکەتوویی فەرهەنگی و کولتووری گەلێک بەندی یاسایی هەن کە پاڵنەر و هاندەرن لە کۆمەڵگادا بۆ ئەوەی پیاوان لەگەڵ هاوسەر، کچ یان بە گشتی لەگەڵ ژنان بە ئارەزووی خۆیان هەڵسووکەوت بکەن و دەستیان بۆ توندوتیژی ئاواڵە دەکا. هەوەوها هیچ بەرنامەیەک بۆ پەروەردەیەکی ئینسانی و پێشکەوتوو بۆ کۆمەڵگا و نەوەکانی داهاتوو لە ئارادا نییە و ئەم کولتوور و پەروەردە سەقەتەی کۆمەڵگا بۆ دژایەتی ژنان بە بەردەوامی هەر زاوزێ دەکا.
ئەمە لە حاڵێکدایە بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ کە حکومەتی ئێرانیش واژۆی کردووە، هەموو ئینسانێک چ ژن و چ پیاو مافی بەرابەر و یەکسانیان لە هەموو بوارەکانی ژیان و کۆمەڵگادا هەیە. هەروەها ئەمنییەت و ئاسایشی شارۆمەندان دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەت و دەسەڵات و بەڕێوەبەرانی وڵات.
