هانا: بەپێی هەواڵێک کە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاتووە، دوای ئەوەیکە سەرلەبەیانی رۆژی پێنجشەممە ١ی رەزبەری ١٤٠٠ – (٢٣ی سپتەمبری ٢٠٢١)، تاقمێکی لات و شەڕلاتان بە چەقۆ و تێڵا و چەکەوە هێرشیان کردە سەر بنەماڵەی ژنە چالاکێک لە سەردەشت، کەشی ترس و سام بە سەر ئەو شارەدا کشاوە.
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە گروپێک هێرشیان کردە سەر ماڵی دایک و باوکی "ناسکە ئەفخەمی" چالاکی بواری ژنان و زەرەر و زیانییان بە ماڵەکەیان گەیاند و دواتر هەڵاتن.
ناسکە ئەفخەمی چالاکی بواری ژنان و نیشتەجێی وڵاتی سویسە. هێرش بۆ سەر بنەماڵەی ناوبراو لە سەردەشت بەدوای ئەوەدا دێ کە لە رۆژانی رابردوودا ناسنامەی ژمارەیەک لە کەسانی دەسدرێژیکار لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەتایبەت ئینستاگرام بڵاوکراوتەوە و زۆر وێدەچێ ئەم هێرشە وەڵامێک بێت بە لەقاودانی ناوی ئەو کەسانە.
یەکێک لە بەکارهێنەرانی ئینستاگرام لەم بارەوە تاوانی ئەم کارە دەخاتە ئەستۆی دادستان، فەرماندار و پۆلیسی سەردەشت و بە هۆی ئەوەی ئەوان هیچ کاردانەوە و بەدواداچوونیان نەکردووە رەخنەیان لێ دەگرێ. هەروەها لە درێژەدا دەڵێ، کچە ١٣ ساڵەکەم پێم دەڵێ ئامادە نیم بە تەنیا بڕۆم بۆ کلاسی ئینگلیسی و دەبێ خۆت لەگەڵم بێی.
شارۆمەندێکی تر کە ناوی لای هانا پارێزراوە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هانا دەڵێ، بەدوای ئەم رووداوەدا کەشی ترس و سام کە بەرهەمی نائەمنی ئەم شارەیە هەموو سەردەشتی تەنیوەتەوە، بە شیوازێک کە ژنان و کچان ناوێرن بۆ دەرەوە، ناو شار و تەنانەت کلاسەکانی فێرکردنیش بچن.
بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە حکومەتی ئیسلامی ئێرانیش واژۆی کردووە، پاراستنی ئەمنییەت و ئاسایشی شارۆمەندان ئەرکی سەر شانی حکومەت و دامودەزگای دەسەڵاتداری وڵاتەکانە.