سۆهرابزدە: ئەگەر بمنێرنەوە لە سێدارەم دەدەن! 

هانا: ئەو هەواڵانەی بڵاوبوونەوە باس لەوە دەکەن “ئەفشین سۆهرابزادە” پەناخوازی کورد لە شاری “کایساری” تورکیە قۆڵبەست کراوە و بۆ کەمپی پەناخوازانی ئەو شارە راگوێزراوە. 

بە پێی ئەو راپۆرتانەی پێمان گەیشتووە، ناوبراو بە دەست و پێی بەستراوەوە لە ژوورێکدا دەسبەسەر کراوە و لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا توانیوێتی پەیامێک بە دەنگی خۆی بۆ دەرەوەی گرتووخانەکە بنێرێ و لە پەیامەکەیدا داوا لە تەواوی ناوەند و کۆڕوکۆمەڵەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ دەکا یارمەتی بکەن و هەروەها رایگەیاندووە لە ئەگەری ناردنەوەی بۆ ئێران لەگەڵ مەترسی بەڕێوەبردنی سزای سێدارە بەرەوروو دەبێتەوە. 
شایانی باسە، ئەفشین سۆهرابزادە پێشتر بەندکراوی سیاسی بووە و ساڵی ١٣٨٨ دەسبەسەر کراوە و بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حزبەکانی کوردستان سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو. دوای ماوەیەک سزاکەی بۆ ٢٥ ساڵ بەندکران داشکا و دوای ٧ ساڵ مانەوە لە بەندیخانە، ساڵی ١٣٩٥ کە ئیجازەی پشوو و مەرەخەسییان پێدابوو، لەو دەرفەتە کەڵکی وەرگرتووە و هەڵاتبوو و لە ئێران رۆیشتبووەدەر. 
نەبوونی ئیجازەی هەڵسووڕان و چالاکی سیاسی و ئەندامەتی لە حزب و رێکخراوە سیاسییەکان و هەروەها بەرگرتن بە گۆڕینی شارۆمەندی و هاووڵاتیبوون، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە کە "ئەفشین سۆهرابزادە" یەکێکە لەم نموونانە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular