هانا؛ بەپێی ئەو هەواڵانەی گەیشتوون، سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی(١٢ٚی ئاگۆستی ٢٠٢١) لە لایەن چەند کەسێکی نەناسراو پەیکەرەی شاعیری ناوداری کورد مامۆستا هەژار لە مەیدانێک کە هەر بە ناوی ئەم شاعیرەوە کراوە سووتێندرا.
بە پێی زانیارییەکان، ئاگرەکەیان بە هێندێک تگەری ماشێن لە بن پەیکەرەکە کردۆتەوە.
هێزەکانی ئاگرکووژێنەوە بە گەیشتنی زوو بەرگریان کرد لەوەی کە خەساری جیددی بە پەیکەرەی مامۆستا هەژار بگات، بەڵام بەهۆی دوکەڵی تگەرەکان، بەشیک لە پەیکەرەکە ڕەنگەکەی تێکچووە.
ئەحمەدی بەرپرسی ئیدارەی ئاگرکوژێنەوەی مەهاباد لەم بارەوە ڕایگەیاند، ئەم کەسانەی ئاگرەکەیان کردۆتەوە بینراونەتەوە، هەروەها باسی لەوە کرد کە هێندێک کامێرای چاوەدێری لە فەلەکەی مامۆستا هەژار هەیە و شارەداری و هێزەکانی ئینتزامی دەتوانن بە چاولێکردنی ڤیدیۆکان هێندێک زانیاری لەسەر ئەم ڕووداوە کۆ بکەنەوە.
بنەماڵەی مامۆستا عەبدولرەحمان شەڕەفکەندی ناسراو بە مامۆستا هەژار بە بڵاوکردنەوەی راگەیاندنێک داوایان لە بەرپرسانی مەهاباد کرد بە زووترین کات کەسانی تاوانبار کە ئاگریان لە پەیکەرەی ئەم شاعیرە گەورەی کورد داوە، ببیندرێنەوە و بە پێی یاسا سزا بدرێن.