بە پێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : رۆژی هەینی “٢٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣” مێرمنداڵێک بە ناوی “مارتین حسێن پەناهی” تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی “تازە ئاوا” سەر بە دێولان ، لە کاتی کار کردندا لە کارخانەی سەبەد سازی لە گەردەنەی سەڵەوات ئاوای سنە ، تووشی رووداوی کار بووە کەوتووەتە نێوان چەرخ دەندەکانی دەزگا و بەو هۆیەوە گیانی لە دەست داوە .
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ، ئامارێکی بەرچاوی مێر منداڵان لە جیات ئەوەیکە خەریکی بەرز کردنەوەی ئاستی فێر بوون و زانیاری و تواناکانیان و کۆمەڵگا بن ، بە هۆی نەبوونی و هەژاریەوە بۆ زیندوو مانەوە ناچارن کار بکەن . بە شێوەیک کە ئامارە ناحکومیەکان کە چالاکانی مافی منداڵان و مافی مرۆڤ کۆیان کردووەتەوە ، ئاماژە بە رێژەی ٧ ملوێن کەسی منداڵانی کار دەکات و چاوەروان دەکرێت بە سەرنجدان بە زۆر بوونی رێژەی هەژاری و بەرز بوونەوەی نرخی هەڵاوسان رێژەی ئەم دیاردەیە بەرزتر بێتەوە .
