هانا: ڕۆژی چوارشەممە”٢٦ی ئوکتۆبری۲۰۲۲” کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوی “سارینا ساعیدی” خەڵکی سنە، لە پێوەندی لەگەڵ کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەم شارە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەباتۆم بە توندی لێیدرا و دوای ڕۆژێک لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
ناڕەزایەتی لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بەردەوامە. لە ڕۆژی ٥ی ئابان بە بۆنەی چلەمین رۆژی گیانلەدەستدانی ژینا (مەهسا) ئەمینی، خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکانی شارەکانی کوردستان و دروشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆریان دەوتەوە. ئەم خۆپیشاندانانە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دڕەندانە هەڵیانکوتایە سەر خەڵکی نارازی کە خەڵکێکی زۆر کوژران و بریندار بوون. لە شاری مەهاباد لە یەک ڕۆژدا ٥ هاووڵاتی کە دوو ژن و منداڵێک بوون، گیانیان لەدەست داوە، لە بانە ٢ کەس گیانیان لەدەست داوە، لە شاری سنەش ئەمە دووەم حاڵەتی مردنە لە یەک ڕۆژدا.
لە ماوەی ٤٠ ڕۆژی ڕابردووی ناڕەزایەتییەکان، ٢٥٤ کەسی سەرانسەری ئیران کوژراون و ٤٦ کەسیان بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی کوژراون. جێگەی ئاماژەیە هێزە سەرکوتگەرەکانی حکومەتی ئیران خەڵکی نارازیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ دەیانکەنە ئامانج و دەیانکوژن. نزیکەی ٤٥ کەس لە کوژراوەکان منداڵن.