رۆژی چوارشەممە ١٤ی رەزبەری ١٤٠٠ – (٦ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، چالاکانی مەدەنی و مافەکانی ژنان بۆ ناڕەزایەتی بە توندوتیژی دەژ بە ژنان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان وەڕێخست.
لە رۆژانی رابردوودا رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا راپۆرتێکی لە بارەی قەتڵی کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵ لە سنە و بە ناوی "فائیزە مەلەکی" بڵاوکردەوە. ئەم رووداوە دڵتەزێنە کاردانەوە و ناڕەزایەتی زۆری چالاکانی مافەکانی ژنان و چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤ لێکەوتەوە.
شایانی باسە، دوابەدوای ئەم رووداوە، رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای مەحکووم کردنی قەتڵی "فائیزە مەلەکی" و هەر جۆرە توندوتیژییەک دژی ژنان، داوای لە خەڵکی سنە کرد بە هەر جۆرێک بۆیان دەکرێ و لە هەر رێگایەکی مومکینەوە ناڕەزایەتی خۆیان بەم کردەوە دژی ئینسانییە دەربڕن و بەر بە دووپات بوونەوەی بگرن.
