سنە: کوژرانی دوو خوشک 

رۆژی یەکشەممە ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٠ – (٢٥ی ژولای ٢٠٢١)، دوو خوشک لە سنە بە بیانووی کێشەی بنەماڵەوە کوژران. 

کوژرانی ئەم دوو خوشکە بە دەستی زاوای بنەماڵەکەیان بووە. ئەو پیاوە هاوسەری یەکێک لەو دوو خوشکە بووە و بە هۆی کێشە و گیروگرفتی نێوانیان، ژنەکە، گەڕاوەتەوە ماڵی باوکی و پیاوەکەش بە چەکەوە هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی باوکیان لە گەڕەکی "حاجیاوای" سنە و چەکی لێ کێشاون و هاوسەرەکەی خۆی و خوشکی هاوسەرەکەشی کوشتووە. 
ناوی ئەم ٢ شارۆمەندەی بوونە قوربانی "بەیان مرادی" و "شادی مرادی" راگەیەندراوە و بکوژەکەش ناوی "ئیسماعیل"ە. 

جێگای خۆیەتی لیرەدا ئاماژە بەم راستیەی بکەین ژنانی ئێران بە پێی یاساکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە گەلێک مافی ئینسانی بێبەشن و یاسا بە شێوەی یەکسان و بەرابەر پشتگیری لە ژنان ناکا. سیستەمێکی تەواو پیاوسالار بە سەر کۆمەڵگای ئێراندا زاڵە و جگە لە دواکەتوویی فەرهەنگی و کولتووری گەلێک بەندی یاسایی هەن کە پاڵنەر و هاندەرن لە کۆمەڵگادا بۆ ئەوەی پیاوان لەگەڵ هاوسەر، کچ یان بە گشتی لەگەڵ ژنان بە ئارەزووی خۆیان هەڵسووکەوت بکەن و دەستیان بۆ توندوتیژی ئاواڵە دەکا. هەوەوها هیچ بەرنامەیەک بۆ پەروەردەیەکی ئینسانی و پێشکەوتوو بۆ کۆمەڵگا و نەوەکانی داهاتوو لە ئارادا نییە و ئەم کولتوور و پەروەردە سەقەتەی کۆمەڵگا بۆ دژایەتی ژنان بە بەردەوامی هەر زاوزێ دەکا. 
ئەمە لە حاڵێکدایە بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ کە حکومەتی ئێرانیش واژۆی کردووە، هەموو ئینسانێک چ ژن و چ پیاو مافی بەرابەر و یەکسانیان لە هەموو بوارەکانی ژیان و کۆمەڵگادا هەیە. هەروەها ئەمنییەت و ئاسایشی شارۆمەندان دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەت و دەسەڵات و بەڕێوەبەرانی وڵات. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular