سنە: کوشتنی ژنێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە 

هانا: بەپێی هەواڵێک کە بە هانا گەیشتووە، ژنێکی خەڵکی سنە بە ناوی “لەیلا شەکیبا” لەلایەن هاوسەرەکەیەوە لە شەقامی “رۆکنا” لە هەمەدان کوژراوە. 

بەپێی ئەم راپۆرتە، تاوانبار دوای ئەوەی سەر و دەستی لەیلای بڕیوە ناردوویە بۆ ماڵی باوکی لەیلا و خۆی هەڵاتووە. بەڵام هەواڵنێری "رۆکنا" لەم بارەوە رایگەیاندووە، دوای ئەوەی پۆلیسی هەمەدان ئاگادار کراوە، رۆژی هەینی ٢٣ی رەزبەری ١٤٠٠ – (١٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، تەرمی لەیلا دۆزراوەتەوە و کوشتنی ئەم ژنە شەوی پێشترەکەی روویداوە. ئەو هەواڵنێرە لە درێژەدا رایگەیاندووە، بە سەرنجدان بە وتەی شاهید و دراوسێکان، تاوانبار دۆزراوەتەوە و ئەو پیاوەی کە هاوسەری ژنە کوژراوەکەیە و گومانی قەتڵەکەی لە سەرە، خۆی بە پۆلیس ناساندووە. 

جێگای خۆیەتی لیرەدا ئاماژە بەمە بکەین ژنانی ئێران بە پێی یاساکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە گەلێک مافی ئینسانی بێبەشن و یاسا بە شێوەی یەکسان و بەرابەر پشتگیری لە ژنان ناکا. سیستەمێکی تەواو پیاوسالار بە سەر کۆمەڵگای ئێراندا زاڵە و جگە لە دواکەتوویی فەرهەنگی و کولتووری گەلێک بەندی یاسایی هەن کە پاڵنەر و هاندەرن لە کۆمەڵگادا بۆ ئەوەی پیاوان لەگەڵ هاوسەر، کچ یان بە گشتی لەگەڵ ژنان بە ئارەزووی خۆیان هەڵسووکەوت بکەن و دەستیان بۆ کاری توندوتیژی ئاواڵە دەکا. هەروەوها هیچ بەرنامەیەک بۆ پەروەردەیەکی ئینسانی و پێشکەوتوو بۆ کۆمەڵگا و نەوەکانی داهاتوو لە ئارادا نییە و ئەم کولتوور و پەروەردە سەقەتەی کۆمەڵ بۆ دژایەتی ژنان بە بەردەوامی و پشتاوپشت دەپارێزرێ و پەرەدەستێنێ. 
ئەوە راستە لەم رووداوەدا هاوسەری لەیلا قەتڵەکەی کردووە، بەڵام ئەویش هەر قوربانی یاسا نووسراو و نەنووسراوەکانی ئەم حکومەت و سیستەمەیە کە دژی ژنان دایڕشتووە. ئێمە رۆژ نییە لە زمانی دەسەڵاتدار و ئاخوندەکانەوە پڕوپاگەندەی دژ بە ژنان نەبیستین، رۆژ نییە لە شەقامی شارەکانی ئێران لەلایەن هێزەکانی ئینتزامی، بەسیج و "لیباس شەخسی" ژنان نەدرێنە بەر ئەشکەنجە و ئازار و سووکایەتی. رۆژ نییە لە دامودەزگای راگەیاندنی حکومەتی ئێرانەوە مێشکی خەڵک بە تەبلیغات دژی ژنان نەئاخنن. ئەمانە و گەلێک بەندی یاسایی پاڵنەر و سەرچاوەی سەرەکی ئەم توندوتیژییانەن کە رۆژانە دژی ژنان لە کۆمەڵگای ئێران ئێران بەڕێوەدەچێ. 
ئەمە لە حاڵێکدایە بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ کە حکومەتی ئێرانیش واژۆی کردووە، هەموو ئینسانێک چ ژن و چ پیاو مافی بەرابەر و یەکسانیان لە هەموو بوارەکانی ژیان و کۆمەڵگادا هەیە. هەروەها ئەمنییەت و ئاسایشی شارۆمەندان دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەت و دەسەڵات و بەڕێوەبەرانی وڵات. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular