هانا: ڕۆژی هەینی ٦ی ئاگۆستی٢٠٢١، پیاوێک لە سنە بە بۆنەی کێشەی بنەماڵەوە ٥ کەس لە بنەماڵەی خێزانەکەی و هەروەها خێزانەکەی کوشت.
ئەم کارەساتە لە کاتی میوانی لە یەکێک لە باغەکانی ئاوایی "خەلیفە تەرخان" سەر بە سنە بە هۆی کێشەی بنەماڵەوە ڕووی داوە.
بە پێی هەواڵێک کە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەییشتووە، پیاوێک بە ناوی ڕەزا ئەحمەدیان دوای کوشتنی خەسوو، خەزوور، ژنبرا و هاوسەرەکەی بە ناوی "شیلان" و خاوەنی باغەکە، خۆی کوشتووە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە کوردستان بەتایبەت پارێزگای سنە کارەساتی زۆر دڵتەزێن رووی داوە کە هۆکاری ئەم کارەساتانە دەگەڕێتەوە بۆ توندوتیژی، تووڕەیی و شپرزی بێ وێنە بووە.
بەپێی ڕای کۆمەڵناسان، ڕێژەی سەبر و پشوودرێژی و تابشتی تاک لە کۆمەڵگا پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە باروودۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی،سیاسی و کلتورییەوە هەیە. هەر بەم بۆنەوە تا ڕادەی بێ دەسەڵاتی و بێ ئاسۆیی ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی پەرە بستێنێ بە هەمان ڕادە لە سەبر و نیانی و پشوودرێژی تاکەکان کەم دەبێتەوە و کارەساتی لەم جۆرەی لە نێو کۆمەڵگادا لێ دەکەوێتەوە.