هانا: رۆژی شەممە ٤ی گوڵانی ١٤٠٠ – (٢٤ی ئاوریلی ٢٠٢١)، لە درێژەی قۆڵبەستکردنی شارۆمەندانی کورد لە سنە دوو کەسی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەرکران.
ئەم شارۆمەندانە کە ئەمڕۆ شەممە ٤ی گوڵانی ١٤٠٠ دەسبەسەر کراون ٤ کەسن و هەموویان لە کەمپەینی "ژیانەوەی کوردستان"دا ئەندامن.
پێشتر ناسنامەی دوو شارۆمەندمان بە ناوەکانی "مەرزییە غوڵاموەیسی" و " سیروان عەبدوڵڵاهی" کە دایک و کوڕن بڵاوکردبۆوە و ناسنامەی ئەم دوو شارۆمەندەی دیکەش بریتین لە "عەتا رەزا روبابی" و "مەهدی سەیفی" خەڵکی سنە.
بە پێی ئەو راپۆرتانەی هاتوون ئەو ٤ هاووڵاتییە کوردە لە لایەن ئیتلاعاتەوە بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی قۆڵبەست کراون و تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە سەر تۆمەت و هۆکاری گرتنیان هەروەها چارەنووس و شوێنی دەسبەسەرکردنیان لەبەردەستدا نییە.
دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لە لایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.