هانا: بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاوبوونەوە “خەبات مفاخری” شارۆمەندی کورد و هەڵسووڕاوی ژینگەپارێز خەڵکی سنە، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حزبێکی کوردستانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی ئێران چوار ساڵ دەستبەسەری بە سەردا سەپا.
"خەبات مفاخری" رۆژی سێشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (٢٥ی مەی ٢٠٢١) دوای نزیکەی ٤ مانگ دەستبەسەری بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو. لە رۆژانی رابردوودا لەلایەن دادگای ئینقلابی سنەوە ٤ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە.
ئازادی دەربڕینی بیروباوەڕ یا ئەندامەتی و لایەنگری لە حزب و رێکخراوی سیاسی و مەدەنی لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە لە کۆمەڵگای ئازاد و دێموکڕاتدا و هەروەها جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ ئەم مافە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا وەک مافێکی سروشتی و بێ ئەملاولا چاولێدەکا و لە بەندەکانی خۆیدا گونجاندوویەتی. شایانی باسە وڵاتی ئێرانیش یەکێک لەو وڵاتانەیە واژۆی کردووە و هەرچەندە لەم جاڕنامەیەدا رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە ئەرکی سەر شانی حکومەتی وڵاتەکانی دادەنێ رێز لە بەندەکانی ئەم جاڕنامەیە بگرن و بۆ ڕەچاو کردنی ئەم بەندانە بە بەرپرسیان دەزانێ، بەڵام حکومەتی ئێران بایەخی پێ نادا و هەموو رۆژێ و بەردەوام بە پانایی وڵاتی ئێران مافی شارۆمەندانی ئەم وڵاتە و خەڵکی کوردستان پێشێل دەکا.
لێرەدا ئاماژە بە بەندەکانی ٩ و ١٩ لە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ دەکەین سەبارەت بە ئازادی و مافەکانی تاک لە کۆمەڵگادا:
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.
هەروەها بە پێی ئەم جاڕنامەیە هەر تۆمەت لێدراو یا تاوان لێدراوێک مافی هەبوونی پارێزەر و مافی دەستڕاگەیشتن بە دادگایەکی بێ لایەن و دادپەروەری هەیە.