سنە: چالاکێکی مەدەنی دەستبەسەر کرا 

هانا: شەوی رابردوو شەممە لە سەر یەکشەممە ١٨ی گوڵانی ١٤٠٠ – (٨ی مەی ٢٠٢١)، هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران هەڵیانکوتا سەر چالاکێکی مەدەنی بە ناوی “عەلی ئەڵڵاوەیسی” خەڵکی سنە و دەستبەسەریان کرد.

 
"عەلی ئەڵڵاوەیسی" خەڵکی سنەیە و یەکێک لە چالاکانی مەدەنی و پارێزەری مافی دەسفرۆش و دەستگێڕەکانە لە کوردستان. شەوی رابردوو هێزە چەکدارەکانی حکومەت هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی و ناوبراویان قۆڵبەست کردوو و  دەستیان بەسەر کەلوپەلەکانی داگرت و لەگەڵ خۆیان بردیان. 
ناوبراو پێشتریش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەی لێ کرابوو و زەخت و گوشاری زۆری لەسەر بوو. 
جێگای ئاماژەیە "عەلی ئەڵڵاوەیسی" خاوەنی منداڵێکی خاوەنپێداویستییە و بۆ دابینکردنی دەرمانی مناڵەکەی و بژیوی ژیانی بنەماڵەکەی خەریکی دەستگێڕی و دەسفرۆشی بوو. 

جێگای ئاماژەیە بەندەکانی ٣، ٩، ١٩ی  جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ ئاوا دەڵی: 
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە. 
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ. 
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا. 
هەروەها بە پێی ئەم جاڕنامەیە هەر تۆمەت لێدراو یا تاوان لێدراوێک مافی هەبوونی پارێزەر و مافی دەستڕاگەیشتن بە دادگایەکی بێ لایەن و دادپەروەری هەیە.  
لەم کەیسەدا بە ئاشکرا دەردەکەوی حکومەتی ئیسلامی ئێران و دامودەزگا ئەمنییەتی و قەزاییەکانی هەموو ئەم بەندانەی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی پێشێل کردووە. ئەوە لە حاڵێکدایە وڵاتی ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەم جاڕنامەیەی واژۆ کردووە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular