هانا: تەرمی “میرزا محەممەد حسێن پەناهی” ناسراو بە (خاڵۆ میرزا) باوکی “رامین حسێن پەناهی” زیندانی سیاسی ئێعدام کراو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاریکایی شەودا و بە پێچەوانەی خواستی بنەماڵەکەی لە نەخۆشخانەی سنەوە رەوانەی زێدی خۆی، ئاوایی “قوڕوچیا” لە ناوچەی دێولان کرایەوە. مەبەستی هێزە چەکدار و ئەمنییەکان ئەوە بوو لە تاریکایی شەودا و بە نهێنی ئەسپەردەی بکەن بەڵام لەگەڵ بەربەرەکانێی خەڵک بەرەوڕوو بوونەوە.
رۆژی چوارشەممە ٢٤ی خرمانانی ١٤٠٠ – (١٥ی سپتەمبری ٢٠٢١)، "خاڵۆ میرزا" باوکی رامین و ئەشرەف حسێن پەناهی دوو بەندکراوی سیاسی گیانبەختکردوو، دوای تێپەڕ بوونی سێ ساڵ لە ئێعدام کرانی "رامین"ی کوڕی و نەدانەوەی تەرمی رۆڵەکەی و هەروەها نەدۆزینەوەی گۆڕەڕەکەی، لە ژێر گوشار و زەختی دەروونیدا لە نەخۆشخانەی "تەوحید"ی سنە لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا گیانی لەدەستدا.
سەرەڕای هەوڵ و تەقالای بنەماڵەی حسێن پەناهی بۆ ئەسپەردە کردنی "خاڵۆ میرزا" لە رۆژی پێنجشەممە و بە پێی داب و نەریتی باوی کۆمەڵگای کوردەواری، بەڵام هێزە ئەمنییەکان ویستیان لە تاریکایی شەودا ئەم کارە بە نهێنی بکەن کە لەگەڵ بەرەنگاریی خەڵک بەرەوروو بوونەوە. پاشانیش هێزە ئەمنییەکان هەوڵی زۆریاندا بەر بە رێوڕەسمی سەرەخۆشی و بەشداری خەڵک بگرن بەڵام بە هۆی بەرەنگار بوونەوەی خەڵک پلانەکەیان بۆ نەچووە سەر.
رامین حسێن پەناهی ١٦ خەرمانانی ١٣٩٧ بە تۆمەتی "بغی" و "ئەندامەتی لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران" لە بەندیخانەی "گەوهەردەشت"ی کەرەج ئێعدام کرا. شایانی باسە "خاڵۆ میرزا" و "دایە شەریفە" هەوڵی زۆریان بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی رۆڵەکەیاندا و دواتریش بەردەوام لە هەوڵدا بوون بۆ دۆزینەوەی گۆڕی رامین کە تا ئێستاش هێزە ئەمنییەکان شوێنی ئەسپەردە کردنیان ئاشکرا نەکردووە.
بەگوێرەی داب و نەریتی کۆمەڵایەتی و یاسا و رێسای باوی کۆڕ و کۆمەڵەکان، بەڕیوەچوونی رێوڕەسمی ئەسپەردە کردن و ئاگادار بوون لە گۆڕ و شوێنی بە خاک سپاردن، سەرەتاییترین مافی رەوای بنەماڵە و کەسوکارە، بەڵام پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ و ئەم یاسا و رێسا کۆمەڵایەتییانە لە کوردستان بووەتە کردەوەی رۆژانە و سیاسەتی بەردەوامی حکومەتی ئیسلامی ئێران.
