سنە: ناسنامەی شارۆمەندێکی دەسبەسەرکراوی تر ئاشکرا بوو 

هانا: لە درێژەی ئەو راپۆرتانەی سەبارەت بە دەسبەسەرکراونی رۆژی شەممە ٤ی گوڵانی ١٤٠٠ – (٢٤ی ئاوریلی ٢٠٢١)ی سنە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاتووە، ناسنامەی شارۆمەندێکی دیکە ئاشکرا بوو. 

بە پێی ئەو زانیارییانەی بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاتووە، "فەردین رەحیمی" لە چالاکانی مەدەنی سنە دوێنی شەممە ٤ی گوڵان وێڕای ژمارەیەکی تر لە چالاکانی مەدەنی لەلایەن مەئموورانی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە قۆڵبەست کراوە. 
پێشتر ناسنامەی ٤ کەس لە دەسبەسەرکراوانی رۆژی شەممە ٤ی گوڵانمان بە ئاگاداریتان گەیاندبوو. بە پێی زانیارییەکانی مافی مرۆڤی هانا، لە ئەنجامی دەستبەسەرکردنی شارۆمەندانی سنە لە رۆژی شەممەدا تا ئێستا ناسنامەی پێنج کەسمان بۆ ئاشکرا بووە کە بەم جۆرەی خوارەوەیە: 

1-    مەرزییە مرادوەیسی 
2-    سیروان عەبدوڵڵاهی 
3-    عەتا رەزاروبابی 
4-    مەهدی یوسفی 
5-    فەردین رەحیمی 

جێگای ئاماژەیە مەرزییە مرداوەیسی و سیروان عەبدوڵڵاهی دایک و کوڕن و سەرەڕای هەوڵی زۆری بنەماڵەی دەسبەسەرکراوان، دەزگا ئەمنییەکان و ئیدارەی ئیتلاعات هیچ زانیارییەکیان لە سەر هۆکاری قۆڵبەستکردنی ئەو شارۆمەندانە پێ رانەگەیاندوون. 

دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لە لایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.  

RELATED ARTICLES

Most Popular